کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێران؛ بەرزبوونەوەی نرخ و مەترسیی نەمانی دەرمان

12:35 - 18 بانەمەڕ 2726

لە بەردەوامیی شەپۆلی گرانی لە کەرتی تەندروستیدا، جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم سەبارەت بە بەرزبوونەوەی زۆری نرخی ماددە سەرەتایییەکانی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان هۆشداریی دا.

"مەهدی پیرساڵحی" ڕایگەیاندووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی دەرمان بەهۆی گرانبوونی کەرەستەکانی بەستەبەندی و پیشەسازییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی دەرمان، بەرزکردنەوەی نرخەکان بە پێویست دەزانێت.

هاوکات بەرپرسی ئەنجومەنی پیشەسازیی بڵاوکردنەوەی دەرمان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ لەسەدی دەرمانەکان تووشی گۆڕانی نرخ بوون، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتە دراوییەکان و گۆڕینی جۆری ئەو دراوەی کە بۆ هاوردەکردنی ماددە سەرەتایییەکان تەرخان دەکرێت.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە بانەمەڕی ١٤٠٥دا نیشان دەدەن کە نرخی هەندێک جۆری دەرمان تا ئاستی ٣٨٠ لەسەد زیادی کردووە و ئەم شەپۆلە نزیکەی ٩٠ لەسەدی بازاڕی دەرمانی گرتووەتەوە.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی دەرمانەکان، بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لە بازاڕدا کەم ببنەوە یان نەمێنن، ئەمەش کێشەیەکی جیددی بۆ نەخۆشەکان دروست کردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی نرخەکان لە ڕێگەی بیمەوە دەدەن، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن کە بیمەکان ناتوانن بەرگەی ئەم هەڵاوسانە توندە بگرن و زۆربەی نەخۆشەکان بەهۆی گرانییەوە ناچار بوون بڕی بەکارهێنانی دەرمانەکانیان کەم بکەنەوە.