کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتهێنانی یەک میلیارد بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

13:57 - 18 بانەمەڕ 2726

بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی گەورەی نەوتی "شێڵ" ڕایگەیاند کە بازاڕی نەوتی جیهان لە ئێستادا ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە بووەتەوە کە دەگاتە نزیکەی یەک میلیارد بەرمیل؛ ئەم بڕەش یەکسانە بە بەکاربردنی ١٠ ڕۆژی تەواوی جیهان.

وائیل سەوان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو شیرکەتە هۆشداری دا کە هەرچەند ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژە بکێشن، قەیرانی نەوت لە بازاڕەکاندا زیاتر دەبێتەوە.

ئەم بەرپرسەی شیرکەتی شێڵ ئاماژەی بەوە کرد کە داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بووەتە هۆی ڕاگرتنی ڕۆژانە ٨ میلیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو.

هاوکات هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" بڵاوی کردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئۆپێک لە مانگی ڕابردوودا بۆ ٢٠ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە ئەمە نزمترین ئاستی بەرهەمهێنانە لە ٣٦ ساڵی ڕابردوودا.

لە کاتی داخرانی گەرووی هۆرمۆز و هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، نرخە جیهانییەکانی نەوت زیاتر لە ٣٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە.

پێشتریش جێفری میلێر، بەڕێوەبەری شیرکەتی ئەمریکایی "هالیبێرتۆن"، جەختی کردبووەوە کە قەرەبووکردنەوەی ئەم کورتهێنانە یەک میلیارد بەرمیلییە کارێکی کورتخایەن نابێت.