کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچرانی ئیتێرنێت لە ئێران چووە نێو حەفتاهەمین ڕۆژی خۆی

13:59 - 18 بانەمەڕ 2726

دامەزراوەی "نێت‌بلاکس" ڕایگەیاند کە پچڕانی سەرتاسەریی ئیتێرنێت لە ئێران پێی ناوەتە حەفتاهەمین ڕۆژی بەردەوام و ماوەی ئەم پچڕانە لە هەزار و ٦٥٦ کاتژمێر تێپەڕیوە.

نێت‌بلاکس جەختی کردووەتەوە کە دەستڕاگەیشتن بە ئیتێرنێت لە کاتی قەیرانەکاندا بایەخێکی ژیانیی هەیە و پچڕاندنی، زۆرترین زیان بە خوێندکاران، خاوەن کارە بچووکەکان و هاووڵاتییانی کەم‌ئەندام دەگەیەنێت.

کۆماری ئیسلامی لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە ئیتێرنێتی لە زۆربەی هاووڵاتییان بڕیوە و تەنیا گرووپە نزیکەکانی ڕێژیم کە بە خاوەن "سیمکارتی سپی" ناسراون، دەستیان پێی ڕادەگات.

لەم دواییانەشدا شوورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی بە ناوی "ئیتێرنێت پڕۆ" پەسند کردووە تا بەشێک لە بازرگانان بە پارەیەکی زۆرتر و بە سنوورداری ئیتێرنێتی نێودەوڵەتییان پێ بدرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران و پارێزەران ئەو پێشنیارەیان وەک هەڵاواردن ڕەت کردووەتەوە.

هاوکات ڕێژیم بەکارهێنانی ئیتێرنێتی ماهوارەیی وەک "ستارلینک"ی بە تاوان هەژمار کردووە و بەکارهێنەرانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای قورس دەبنەوە.