مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتالیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵ ناکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر ئەوەی نابێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، کە وەک هێزێکی نیابەتیی ڕێژیمی ئێران و ڕێگر لەبەردەم بەهێزبوونی دەوڵەتی لوبنان وەسفی کرد.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ڕۆبیۆ وتی کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، ١٨ی بانەمەڕ، تاران وڵامی پێشنیاری ئاشتیی واشنگتۆن بداتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست کە وڵامەکەی ڕێژیم جیددی بێت تا ببێتە سەرەتایەک بۆ پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی دانوستان.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دیداری ئەرێنی لەگەڵ پاپ کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ١٧ی بانەمەڕ هیچ پەیوەندییەکیان بە ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی"یەوە نەبووە.