کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و بەرپرسی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئۆتریش

18:55 - 18 بانەمەڕ 2726

ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کاک محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی بەشی پێونەدییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش، لەگەڵ "پیا ماریا ڤینینگەر"، پارلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکرات و بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ و کاروباری ئورووپا لە پارلەمانی ئۆتریش کۆبووەوە.

لەم دیدارەدا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی کورد بە وردی تاوتوێ کرا.

نوێنەری حیزب ئاماژەی بە چەوساندنەوەی سیستماتیکی گەلی کورد و هەڵکشانی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان کە شەهید و بریندار و ئاوارەبوونی دووبارەی ژن و منداڵانی لێ کەوتووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاک محەممەد فەقێ عەلی باسی لەوە کرد کە دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەم ئاگربەستە کوردی نەگرتووەتەوە و ڕێژیم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان چەند بەرابەر کردووە. نوێنەری حیزب داوای لە پارلەمانی ئۆتریش و یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بڕیارنامەیەکی تایبەت دژی ئەم پێشێلکاریانە دەربکەن.

هەروەها دۆسیەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن وەک "پەڵەیەکی دزێو" بە ناوچاوی دادوەریی ئۆتریشەوە ناو برا و داوا کرا چیتر ڕێگە نەدرێت ئەو وڵاتە ببێتە مەیدانی تەراتێنی سیاسی و دارایی تاقمەکانی ڕێژیم.

خاتوو ڤینینگەر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، ڕایگەیاند کە زانیارییەکان بایەخێکی زۆریان هەبووە و خوازیاری بەردەوامیی ئەم پەیوەندییانە و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بوو.