ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ بە دەستپێشخەریی تیمی سۆشیال میدیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، سپەیسێکی سیاسی بۆ تاوتوێکردنی مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان و داھاتووی سیاسیی ئێران بەڕێوەچوو.
لەم بەرنامەیەدا ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، ئەندامانی حیزبەکان و شرۆڤەکارانی پرسی نەتەوەکان، یەکێک لە گرینگترین و پڕکێشەترین پرسەکانی داهاتووی سیاسیی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
لەم گفتوگۆیەدا هەریەک لە دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە (بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ئازادیی ئێران)، حافز فازڵی (ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی تضامن دیمۆکراتیک اهواز)، یوونس شاملی (ئەندامی کاگێڕی حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان) و ڕەحیم بەندویی (ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی خەڵکی بەلووچستان) بەشدار بوون.
بەشداربووان وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە پێگەی مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە پێکهاتەی داهاتووی ئێران، پەیوەندیی نێوان مافی دیاریکردنی چارەنووس و یەکپارچەیی خاک، پرسی ناوەندگەرایی دەسەڵات، زمانی دایک، پێکهاتە فیدڕاڵییەکان و ئاڵۆزییەکانی هاوپەیمانێتی لەنێوان ئۆپۆزیسیۆندا دایەوە. میوانەکان بە ئاماژەدان بە ئەزموونی مێژوویی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران، جەختیان کردەوە کە ناوەندگەرایی سیاسی و فەرهەنگی لە دەیەکانی ڕابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنی قووڵ لە نێوان حکوومەتە ناوەندییەکان و نەتەوە غەیرە فارسەکان؛ هەربۆیە بەبێ پێداچوونەوە بە پێکهاتەی دابەشکردنی دەسەڵاتدا، گەیشتن بە سیستەمێکی دێموکراتیک و سەقامگیر ئەستەم دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، باس لەوە کرا ئایا ڕەوتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن توانیویانە پرسی نەتەوەکان وەک پرسێکی پێکهاتەیی و پەیوەندیدار بە دابەشکردنی دەسەڵات تێبگەن، یان هێشتا تێڕوانینی زاڵ تەنیا لە ئاستی ناسنامەیی و فەرهەنگیدا پرسەکە سنووردار دەکات. هەروەها هۆکارەکانی دروستنەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی گشتگیر، ڕۆڵی بێمتمانەیی مێژوویی و کاریگەریی فەزای ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی سیاسی لەسەر پەیوەندیی نێوان ڕەوتە جیاوازەکان خرانە بەر باس و جەخت لە پێویستیی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، شەفاف و قبووڵکردنی یەکدی کرایەوە.
لە درێژەی گفتوگۆکەدا، ئاماژە بە ئەزموونی وڵاتە چەند نەتەوەییەکانی وەک سویس، بێلژیک و کانادا کرا و نموونە جیاوازەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی هەمەچەشنیی نەتەوەیی و زمانی لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی سیاسیی ئێران لێکدرایەوە.
لە کۆتاییدا جەخت کرایەوە کە بەبێ قبووڵکردنی فرەیی نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگی لە ئێران و بەبێ دروستکردنی میکانیزمی یاسایی بۆ بەشداریی یەکسانی هەموو نەتەوەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی و دێموکراسیی بەردەوام ڕووبەڕووی ئالنگاری جیددی دەبێتەوە.