کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئیندپێندێنتی عەرەبی" تیشکی خستە سەر پێگەی کورد لە نێو ململانییەکانی ئێستای ناوچەکە و ڕایگەیاند کە لاوازبوونی ڕێژیمی تاران بەهۆی گورزە دەرەکییەکانەوە، دەرفەتێکی نوێی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ڕەخساندووە.
بەڕێز شەرەفی بە دەربڕینی ڕستەی مێژوویی "ئێمە هیچ پشتیوانیکمان جگە لە چیاکان نییە"، جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، کورد هەر تەنیا پشت بە ئیرادەی خۆی دەبەستێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی حیزبی دێموکرات دژی کۆماری ئیسلامی پێش ئەم شەڕانەی ئێستا هەبووە و دوای ئەوانیش هەر بەردەوام دەبێت.
کاک حەسەن شەرەفی باسی لەوە کرد کە شەڕی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی لاوازکردنی تاران و ڕەخسانی "دەرفەتێکی زێڕین" بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام بە توندی ئەو بیرۆکەیەی ڕەت کردەوە کە کورد ببێتە "سەربازی بەکرێگیراو" یان ئامرازی دەستی هەر هێزێکی بیانی بۆ جێبەجێکردنی پلانی دەرەکی. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە کورد خاوەن دۆزی ڕەوای خۆیەتی و تەنیا بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی خەبات دەکات.
شەرەفی جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە پاڵپشتیی سیاسیی کورد بکات؛ چونکە بە بڕوای ئەو، مەترسیی بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، زۆر لە مەترسیی بۆمبی ئەتۆمی گەورەترە.
سەبارەت بە یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن، شەرەفی بە ڕاشکاوی هەرجۆرە هاوپەیمانییەک لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە گەلی کورد و حیزبی دێموکرات ئامادە نین بۆ ڕووخانی دیکتاتۆرێک، ملی خۆیان بدەنە ژێر باری دیکتاتۆرێکی دیکە کە باوەڕی بە مافی نەتەوەکان نەبێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەرچەندە حیزبی دێموکرات خاوەن جەماوەرێکی فراوانە و پتر لە ٨٠ لەسەدی کوردستانی لەپشتە، بەڵام ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە و بەڕێوەبردنی داهاتووی وڵات، پێویستی بە خەباتێکی یەکگرتوو و سەرتاسەریی هەموو گەلانی ئێران هەیە تا سیستمێکی دێموکراتیک و دادپەروەر جێگیر بکرێت.