وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، ١٨ی بانەمەڕ لە درێژەی کارزاری "تووڕەیی ئابووری" دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەمارۆی خستە سەر ١٠ کەس و کۆمپانیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا و ئورووپای ڕۆژهەڵات.
بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئەم وەزارەتە، ئەم لایەنانە هاوکاریی ڕێژیمی ئێرانیان کردووە بۆ دابینکردنی چەک و کەرەستەی سەرەتایی بۆ دروستکردنی دڕۆنەکانی جۆری "شاهید" و بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە.
ئەم کۆمپانیا و کەسانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە لە وڵاتانی چین، هۆنگکۆنگ، ئیمارات و بیلاڕووس جێگیرن. یەکێک لەو کۆمپانیایانە هەوڵی داوە سیستمە دژەفڕینە دەستییەکان لە چینەوە بۆ ئێران بکڕێت.
هەروەها دوو کەس لە بیلاڕووس، لەوانە کەسێکی ئێرانی بە ناوی "محەممەد مەهدی مەلەکی"، ناویان چۆتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "لەژێر ڕێبەرایەتیی سەرۆککۆمار دۆناڵد ترامپ، ئێمە هیچ پاشەکشەیەک لە گەڵاڵەی تووڕەییی ئابووریدا ناکەین."
ناوبراو بەتوندی هێرشی کردە سەر بەرپرسانی سپای پاسداران و وتی کە وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هەر کەس و کۆمپانیایەک کە چەک بداتە ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکاری بهێنێت.