ڕۆژنامەی "ئێعتماد" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای کردووە کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ئەم دواییانەوە، نرخی هەندێک دەرمان لە ئێراندا لە نێوان ٣٠ تا ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە و ئەم شەپۆلی گرانبوونە زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر نەخۆشانی تایبەت، بەتایبەت ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەناڵێنن.
هادی ئەحمەدی، وتەبێژی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە زیانەکانی شەڕ بەر کەرتی دەرمانسازی "بەرچاوە"؛ بۆ نموونە شیرکەتی "تۆفیق دارو" کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی ماددە سەرەتایییەکانی دەرمانی نەخۆشخانەکان بووە، بە تەواوی وێران بووە و پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە نموونەی دەرمانی "ئێکسجوا" (Xgeva) دراوە، کە پێش شەڕ و بە پاڵپشتیی بیمە بە کەمتر لە یەک میلیۆن تمەن دەست نەخۆشان دەکەوت، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ ٣٠ میلیۆن تمەن بەرز بووەتەوە.
جگە لە دەرمانی شێرپەنجە، نرخی دەرمانەکانی گرێیەکان، خەمۆکی و ڕۆماتیزمیش چەند هێندە زیادیان کردووە.
ئێعتماد جەختی کردووەتەوە کە تێکەڵبوونی گەمارۆ ئابوورییەکان، کەمیی دراوی بیانی و وێرانبوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی بۆ زۆربەی هاووڵاتییان ئەستەم کردووە.