کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی بیمەی ٦ هەزار کرێکاری شارەداریی ورمێ

08:58 - 19 بانەمەڕ 2726

بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی نزیکەی ٦ هەزار پێرسۆنێل و کرێکاری شارەداریی ورمێ بڕدرا، ئەمەش شەپۆلێکی بەربڵاوی نیگەرانی و کێشەی بژێوی بۆ ئەو کرێکارانە و بنەماڵەکانیان دروست کردووە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر چینی کەمداهات.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆیییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە پاکەوانان و کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری و فەزای سەوز، کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە، کتوپڕ بۆیان دەرکەوتووە کە بیمەکەیان پووچەڵ کراوەتەوە و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی دەرمانی نەیانیگرتووەتەوە.

ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لەو بنەماڵانە لە دابینکردنی تێچووی سەرەتایی دەرمان و پشکنینە پزیشکییەکان دەستەوەستان بمێنن.

چالاکانی کرێکاری ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕینی بیمەی ئەم کۆمەڵە گەورەیە تەنیا پرسێکی سادەی کارگێڕی نییە، بەڵکوو لێدانێکی ڕاستەوخۆیە لە ئەمنییەتی دەروونی و جەستەیی کرێکارانێک کە بە کەمترین مووچە سەختترین کار ئەنجام دەدەن. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە بڕینی بیمە لە پاڵ دواکەوتنی مووچەکاندا، ژیانی هەزاران بنەماڵەی لە شارەکەدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی جیددی کردووەتەوە.

لە ئێستادا، نەبوونی وڵامێکی ڕوون لەلایەن بەرپرسانی شارەوانیی ورمێوە، بووەتە هۆی زیاتربوونی ناڕەزایەتییەکان.