ەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی گەمارۆیەکی توندی دەریاییدا دژی کۆماری ئیسلامی، ڕێگرییان لە هاتووچۆی زیاتر لە ٧٠ نەوتکێش لە بەندەرەکانی ئێراندا کردووە.
ئەم کەشتییانە کە لە ئێستادا لەسەر ئاوەکان ڕاگیراون، پتر لە ١٦٦ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان هەڵگرتووە کە بەهای گشتییان دەگاتە ١٣ میلیارد دۆلار.
هەروەها ٥٠ کەشتیی دیکەش بە فەرمانی ئەرتەشی ئەمریکا ناچار بە گۆڕینی ڕێڕەوی خۆیان کراون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە بە فەرمانی سەرۆککۆماری ئەمریکا و دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕدا، ئامادە نەبوو گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە.
سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە گەمارۆکە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و هیچ کەشتییەک مافی چوونەژوورەوە یان چوونەدەرەوەی لە بەندەرەکانی ئێران نییە؛ ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هێزێکی یەکجار زۆرەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی ناوچەکەش بەردەوامیی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، زیاتر لە ١٥ هەزار سەرباز، پتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی شەڕکەر و سیخوڕی و زیاتر لە ٢٠ کەشتیی جەنگی و ناوشکێن و فڕۆکەهەڵگر لەم گەمارۆیەدا بەشدارن.
هەروەها دەیان دڕۆن، هێلیکۆپتەر و کەشتیی هێرشبەر بە شێوەیەکی چالاکانە چاوەدێریی ئاوەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە جووڵەیەکی بازرگانیی ڕێژیمی تاران.