دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بگەنە بنبەست و شکست بهێنن، ئەوا ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە ناوچەکەدا لەژێر ناوی "پڕۆژەی ئازادی پلاس" (Project Liberty Plus) دەست پێ دەکات.
ترامپ لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵنێران لە واشنگتۆن ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات، ڕەنگە بگەڕێینەوە سەر پڕۆژەی ئازادی، بەڵام ئەمجارەیان پڕۆژەی ئازادی پلاەس دەبێت." ناوبراو هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم پلانە نوێیە ئاشکرا نەکرد.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە وڵاتی پاکستان داوای لە واشنگتۆن کردووە لە جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاشگەز ببێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" کە بە مەبەستی پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەستی پێ کردبوو، ڕادەگیرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیایییەکان، گوشاری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەوانە عەرەبستانی سعوودی، کاریگەریی لەسەر بڕیاری ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەبووە.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکان، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) باسی لە ڕوودانی پێکدادانی دەریایی و هێرشی بەرامبەر لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداودا کردووە، ئەمەش دۆخی ناوچەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.