شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران، لە ساڵیادی لەسێدارەدانی "فەرزاد کەمانگەر" و هاوڕێیانیدا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا توندوتیژی و پەرەسەندنی سێدارەکانی مەحکووم کرد.
شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەردا ڕایگەیاند: "بەردەوامیی سەرکوت و سێدارە، بەتایبەت لەم کەشوهەوا ئەمنییەتییەی دوای شەڕدا، بە توندی مەحکووم دەکەین."
ئەم ڕێکخراوە سەرتاسەرییەی مامۆستایان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە "شەڕ، سەرکوت و سێدارە"، هەمیشە ژیان، پەروەردە و داهاتووی خەڵکیان کردووەتە ئامانج. لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، داوا کراوە کە دەستبەجێ پرۆسەی لەسێدارەدانەکان ڕابگیرێت و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی، عەقیدەتی و پیشەیی، لەوانە مامۆستایانی بەندکراو، ئازاد بکرێن.
شایانی باسە، مامۆستا فەرزاد کەمانگەر لەگەڵ چوار بەندکراوی تری سیاسی بە ناوەکانی "عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەمهولی و مەهدی ئیسلامیان"، لە بەرەبەیانیی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دران، کە ئەو کات شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتەوە و چوار ڕۆژ دواتر، مانگرتنێکی بێوێنەی سەرتاسەری لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەڕێوە چوو.