کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک پۆست: سپای پاسداران پرۆسەی ئاشتیی پەک خستووە و دەسەڵاتی تارانی قۆرغ کردووە

10:20 - 19 بانەمەڕ 2726

ململانێیەکی توندی نێوخۆیی لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات لە تاران سەری هەڵداوە و سپای پاسداران وەک ڕێگرێکی سەرەکی لەبەردەم هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئەمریکا دەردەکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک پۆست"، ئەگەرچی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ئاشتین، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای سەرکردە سەربازییەکانی سپایە کە لە ئێستادا لە بەهێزترین پێگەی مێژوویی خۆیاندان.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کردووە کە سپای پاسداران لە ڕێگەی قۆرغکردنی بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان، بەرژەوەندیی خۆی لە بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزیدا دەبینێتەوە، چونکە ئەم دۆخە پێگە و هەژموونیی ئەوان لە نێوخۆی ئێراندا دەپارێزێت.

دەن کەین، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران ئێستا بە تەواوی لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕێبەری دەکرێت و ئەوان هەوڵ دەدەن بە بارمتەگرتنی ئەمنییەتی کەشتیوانی و ئابووریی جیهانی، ڕێگری لە هەر چەشنە پاشەکشەیەک بکەن کە زیان بە دەسەڵاتی ڕەهایان بگەیەنێت.

هەروەها ئەم بنبەستە نێوخۆییە بووەتە هۆی ئەوەی تاران نەتوانێت وڵامێکی ڕوون بە پێشنیارە دیپلۆماسییەکان بداتەوە.