بەپێی شیکارییەکی ماڵپەڕی واینێت، کۆماری ئیسلامی لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ڕووبەڕووی قۆناغێکی مەترسیدار دەبێتەوە کە تێیدا ململانێی باڵەکانی نێو دەسەڵات و داڕمانی ئابووری، بناغەکانی حکوومەت دەلەرزێنن.
ئەم شیکارییە ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی دوای شەڕ دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو قەیرانانەی بەهۆی بارودۆخی سەربازییەوە پەردەپۆش کرابوون، سەرلەنوێ سەرهەڵبدەنەوە.
واینێت باس لەوە دەکات لە جەرگەی ئەم قەیرانانەدا، ململانێی توند لەسەر کورسیی دەسەڵات و گۆڕانی پێکهاتەی حوکمڕانی دەست پێدەکات. ئەم گۆڕانکارییە بەرەو جۆرێک لە "ئۆتۆریتاریزمی سەربازی" دەچێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی قووڵ لەگەڵ ئەو باڵانەی کە هێشتا دەیانەوێت شوناسی ئایینی و کلاسیکی ڕێژیم بپارێزن، ئەمەش یەکگرتوویی نێوخۆیی ڕێژیم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەلایەکی تریشەوە، پرسی جێنشینی لەنێو ماڵی ڕێبەرایەتیدا دەبێتە هۆی زیاتر قووڵکردنەوەی قەیرانەکان. ئاماژە بەوە کراوە کە موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ، ڕەنگە زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە ببێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە شەقامەوە نین، بەڵکوو لەنێو خودی دەسەڵاتیشدا کێشەی "جێنشینی میراتیی موجتەبا" و توانای ئەو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی، وەک خاڵێکی لاواز دەبینرێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لێکترازان لە لووتکەی هەرەمی هێزدا.
لەکۆتاییدا، واینێت جەخت دەکاتەوە کە ئەم ناکۆکییانەی نێو دەسەڵات لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگە بەدەست داڕمانی ژێرخانی وزە و هەژارییەوە دەناڵێنێت. تەنیا لە تاران دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوون و نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا و پیشەسازی کاتێکی زۆری دەوێت. لە نەبوونی یەکدەستیی سیاسی و بەهۆی ململانێی باڵەکان لەسەر دەسەڵات، ڕێژیم توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە ئابوورییە شەکەتکەرانەی نابێت، ئەمەش پرۆسەی نەمانی داڕمانی سیستمەکە خێراتر دەکات.