کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی خۆراک بژێوی خەڵکی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار

11:37 - 19 بانەمەڕ 2726

لە درێژەی دۆخی نالەباری ئابووری و لێکەتەکانی شەڕدا، ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا، ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمار کردووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە بڵاو کراونەتەوە، بازاڕی ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێوێنەی گرانی بووەتەوە. لە نێو هەموو کاڵا بنەڕەتییەکاندا، ڕۆنی بەستوو(جامد)ی ڕووەکی بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی تۆمار کردووە و نرخەکەی بەراورد بە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، ٣٧٥ لەسەد زیادی کردووە.

دوای ئەو، ڕۆنی شل بە ڕێژەی ٣٠٨ لەسەد و برنجی هاوردەکراو بە ڕێژەی ٢٠٩ لەسەد گرانتر بوون، ئەمەش گوشارێکی توندی خستووەتە سەر بژێوی و سفرەی هاووڵاتییان کە پێشتر بەهۆی سزا و ناسەقامگیریی سیاسییەوە لاواز بووە.

لەلایەکی ترەوە، کەمترین ڕێژەی هەڵاوسان لەم مانگەدا بۆ چەند خۆراکێکی تری وەک کەرەی حەیوانی (٤٨ لەسەد)، شیری وشک (٧١ لەسەد) و ماکارۆنی (٧٥ لەسەد) تۆمار کراوە. هەرچەندە ئەم ڕێژانە بەراورد بە ڕۆن کەمترن، بەڵام هێشتا وەک بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی بنەماڵە کەمداهاتەکان دەبینرێن.

چاودێرانی ئابووری لەو بڕوایەدان کە شەڕی ئەم دواییە و تێچووە سەربازییەکان لە لایەک، و سستبوونی کەرتی بەرهەمهێنان لە لایەکی ترەوە، بازاڕی ئێرانیان تووشی "شۆکێکی گەورە" کردووە. ئەم ڕاپۆرتە فەرمییانەی ناوەندی ئامار لە کاتێکدایە کە چالاکانی مەدەنی دەڵێن نرخی ڕاستەقینە لە بازاڕەکاندا زۆر زیاتر لەوەیە کە ڕێژیم ڕایدەگەیەنێت و کۆمەڵگە لە لێواری تەقینەوەدایە.