کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین ٤١ ئەندامی گروپێکی سەر بە سپای پاسدارانی دەسبەسەر کرد

15:28 - 19 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە ٤١ کەسیان دەسبەسەر کردووە کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە هەبووە.

بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئەو وەزارەتە، ئەم کەسانە ئەندامی سەرەکیی ڕێکخراوێک بوون کە پەیڕەوی لە تیۆری "ویلایەتی فەقێ" دەکەن و لە دژی ئەمنییەتی میللیی بەحرەین چالاکییان ئەنجام داوە.

هەواڵدەرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەسبەسەرکردنانە دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەمنییەتی و لە چوارچێوەی دۆسییەکانی سیخوڕیکردن بۆ لایەنی دەرەکی و پشتیوانیکردن لە دەستدرێژییەکانی تاران بۆ سەر بەحرەین ئەنجام دراون.

وەزارەتی نێوخۆ جەختی کردووەتەوە کە ڕێکارە یاسایییەکان دژی ئەم ٤١ کەسە لە قۆناغی کۆتاییدایە و گەڕان بەدوای کەسانی دیکەشدا کە تێوەگلابن، بەردەوامە.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ، پارلەمانی بەحرەین سێ کەس لە ئەندامانی خۆی بە تۆمەتی "ستایشکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران" لەکار لادا.

هەروەها دەوڵەتی بەحرەین لە هەنگاوێکی تونددا ڕەگەزنامەی لە ٦٩ کەس سەندەوە کە بەهۆی هاوسۆزی لەگەڵ کردەوە دوژمنکارانەکانی تاران، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی وڵات هەژمار کرابوون.