بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سیئێنئێن" و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی هاوشانی بەرپرسە باڵاکانی تری ڕێژیم ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە داڕشتنی ستراتێژیی شەڕی ئێراندا دەگێڕێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئەو هێرشەی بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و هاوسەری موجتەبا، هەواڵگریی ئەمریکا هێشتا نەیتوانیوە شوێنی مانەوەی ناوبراو بە شێوەی بینراو پشتڕاست بکاتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە "سیئێنئێن"یان ڕاگەیاندووە کە موجتەبا خامنەیی بەهۆی سووتانی توند لە دەموچاو، دەست و قاچەکانیدا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
پێشتر ڕۆژنامەی "تایمز"ی بریتانیا بڵاوی کردبووەوە کە ڕێبەری نوێی ڕێژیم لە شاری "قوم" لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدایە و بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە بێهۆشە و ناتوانێت بەشداری لە هیچ بڕیارێکی سیاسی و سەربازیدا بکات.
سەرەڕای ئەم ڕاپۆرتە دژبەیەکانە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕ وتی کە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبووەتەوە و باسیان لە یەکڕیزیی پێکهاتەی ڕێبەرایەتی کردووە.
موجتەبا خامنەیی دوای کوژرانی باوکی لە ڕەشەمەی ١٤٠٤، وەک ڕێبەری ڕێژیم دەستنیشان کرا، بەڵام تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی گشتی دەرنەکەوتووە و تەنیا پەیامی نووسراوی لێ بڵاو دەکرێتەوە، ئەمەش گومانی زۆری لەسەر چارەنووس و توانای جەستەیی ئەو بۆ بەڕێوەبردنی ڕێژیم دروست کردووە.