لە دوای شەڕ و تەنگژە ئابوورییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران، شەپۆلێکی بەرفراوانی بێکاری باڵی کێشاوە بەسەر بازاڕی کاردا، کە تێیدا ژنان وەک یەکەمین قوربانی دەردەکەون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا داوای بیمەی بێکارییان کردووە ژنانن. ئەم ڕێژە بەرزە لەکاتێکدایە کە بەشداریی ژنان لە کەرتی فەرمیی کاردا زۆر کەمە، ئەمەش دەریدەخات کە لە کاتی قەیراندا، یەکەم هەنگاوی خاوەنکارەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، دەرکردنی ژنان لە کارەکانیان بووە.
بە بڕوای کارناسان، کلیشە ڕەگەزییەکان و ئەو باوەڕە چەوتەی کە دەڵێت ''پیاوان تەنیا نان ئاوەرن''، وای کردووە بێکاریی ژنان وەک کێشەیەکی جیدی نەبینرێت و لە کاتی کەمکردنەوەی هێزی کاردا ژنان بکرێنە قوربانی. ئەمە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ٢٢ لەسەدی خێزانەکان لە ئێراندا لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بێکاربوونیان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەژاریی ڕەها لە ناو خێزانەکاندا.
هەروەها کارناسان هۆشداری دەدەن کە ئەم بێکارییە تەنیا کێشەیەکی دارایی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. کاتێک ژنێک سەربەخۆیی ئابووری لەدەست دەدات، بەستراوەیی بە پیاوانی خێزان زیاد دەکات، ئەمەش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییان لێ زەوت دەکات.
دوورخستنەوەی ژنان لە بازاڕی کار، کۆمەڵگە لە نیوەی سەرمایەی مرۆیی خۆی بێبەش دەکات و بەستێن بۆ ''ژنانەبوونی هەژاری'' و زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو توێژە کەمداهاتەکاندا خۆش دەکات.