کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی کەشتییەکان و گیرخواردنی سەدان دەریاوان لە نێوان شەڕ و گەمارۆدا

16:45 - 19 بانەمەڕ 2726

بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، سەدان دەریاوانی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە. ئەم کەشتیانە کە بڕێکی زۆر وزە و کەلوپەلی بازرگانییان هەڵگرتووە، بەهۆی مەترسیی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و داخرانی ڕێڕەوەکە، ناتوانن جووڵە بکەن.

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" ئاماژەی بەوە کردووە کە سەدان دەریاوان لەسەر ئەو کەشتیانەدا ماونەتەوە کە لە نزیک بەندەرەکانی ئێران و ئیمارات وەستاون، لە کاتێکدا تاران و واشنگتۆن یەکتر بە تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانی تۆمەتبار دەکەن.

کەمیی سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان مەترسیی جیددی بۆ سەر ژیانی خەدەمەی ئەو کەشتیانە دروست کردووە کە زۆربەیان هاووڵاتیی وڵاتانی بێلایەنن و کەوتوونەتە نێوان ئاگر و بڕیارە سەربازییەکانی هەر دوو لایەن.

ئەم بنبەستە دەریاییە تەنیا کێشەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکوو بووەتە هۆی پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی وزە لە جیهاندا.

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی گەرووی هۆرمۆز وەک کارتێکی گوشار دژی ئەمریکا بەکار دەهێنێت، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی نیگەرانن لەوەی کە درێژخایەنبوونی ئەم دۆخە ببێتە هۆی زیانی دارایی گەورە و هەڵکشانی نرخی نەوت.