ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ئێران، بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناوچەیەکی بیابانیی عێراقدا دامەزراندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم بنکەیە پێش دەسپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی و بە ئاگاداریی واشینگتن دروست کراوە. ئەم شوێنە وەک ناوەندێکی لۆجیستیکی بۆ هێزی ئاسمانی و جێگیربوونی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل بەکار هاتووە، هەروەها تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لەوێ بوون تا لە کاتی کەوتنی هەر فڕۆکەیەکدا بە هانای فڕۆکەوانەکانەوە بچن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە مانگی مارسدا، کاتێک هێزە عێراقییەکان ویستوویانە لە شوێنی بنکەکە نزیک ببنەوە، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ڕێگری لێ کردوون تا بنکەکە ئاشکرا نەبێت. عێراقیش لە کۆتایی ئەو مانگەدا سکاڵایەکی بردووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکای بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە ناساندووە.