فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، لە سەرەتای گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، ڕێڕەوی ٥٨ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و چوار کەشتیشیان لەکار خستووە.
سێنتکام لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی گەمارۆکان بەردەوامن و ڕێگری لە هاتوچۆی ئەو کەشتییانە دەکەن کە بە نیازن بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوو کەشتییان بە ناوەکانی "ئێمتی سی ستار" و "ئێمتی سودا" پێش چوونە نێو یەکێک لە بەندەرەکان لە دەریای عومان پەک خستووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سەر بە ئێران لەژێر چاودێرییەکی تونددان و ڕۆژی چوارشەممەش ڕێگری لە نەوتهەڵگری "ئێمتی حوسنا" کراوە کە بە ئاڵای ئێرانەوە بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە دەڕۆیشت.
لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی سپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکانی ئێران، وڵامی توندی بەدواوە دەبێت و بنکە و کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.