ماڵپەڕی ئیسرائیلی "واینێت" لە شیکارییەکی قووڵدا بە قەڵەمی سۆر پلۆکێر، تیشک دەخاتە سەر لێکچوونە مێژووییەکانی نێوان ڕۆژانی کۆتایی حکوومەتی نازی و دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
نووسەر پێی وایە ساختاری دەسەڵات لە تاران تووشی درزێکی گەورە بووە؛ لە کاتێکدا هەندێک بە دیدێکی واقیعی سەیری دۆخەکە دەکەن، باڵە توندئاژۆکە کە لە فەرماندەکانی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان پێکدێن، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هەر جۆرە سازش و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
پلۆکێر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم توندئاژۆیانە تووشی جۆرە دابڕانێک لە واقیع بوون، کە هاوشێوەی خەسڵەتی سەرکردە نازییەکانە لە ساڵی ١٩٤٥دا؛ ئەوان هێشتا بڕوایان بە "موعجیزە" هەیە و بەرژەوەندی و ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نییە، بەڵکوو ئامادەن هەموو وڵات قوربانیی ئیدئۆلۆژییەکانی خۆیان بکەن.
نووسەر بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەڵێت، تەنانەت کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکان لە کۆتایی شەڕی جیهانی دووەمدا داوایان لە خەڵکی ئاڵمان دەکرد دژی هیتلێر ڕاپەڕن، زۆرینەی خەڵک لەبەر ترس بێدەنگ بوون و ڕێژیمی نازی تەنیا کاتێک ڕووخا کە ئەرتەشی ئەمریکا بە کردەیی چووە نێو شارەکانەوە.
لە کۆتایی بابەتەکەدا، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دۆناڵد ترامپ کراوە. نووسەر دەڵێت ترامپ لەم حەفتانەی دواییدا چەندین پێشنیاری "عاقڵانە"ی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان داوە، بەڵام تاران بە سووکایەتییەوە وڵامی داوەتەوە. پەیامی سەرەکیی پلۆکێر بۆ ترامپ ئەوەیە کە چاوەڕێ نەبێت سەرکردە توندئاژۆکانی ئێران خۆیان بگۆڕێن یان پاشەکشە لە توندئاژۆیی بکەن؛ چونکە وانە سەختەکەی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم جۆرە سیستەمانە تا تامی شکستی تەواو نەکەن، دەست لە شەڕ و کاولکاری هەڵناگرن.