کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەشتییەکی بازرگانی لە ئاوەکانی قەتەردا هێرشی کرایە سەر

09:21 - 20 بانەمەڕ 2726

ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاند کە کەشتییەکی گواستنەوەی کەلوپەلی قەتەر لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە، ڕووداوەکە لە ٢٣ مایلی دەریایی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دۆحەی پێتەختی قەتەر ڕووی داوە.

کەشتیوانی ئەو کەشتییە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی "پەلامارێکی نەناسراوەوە" هێرش کراوەتە سەریان. ئەگەرچی هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناو کەشتییەکەدا، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی یان پیسبوونی ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەم هێرشە دوای چوار ڕۆژ لە بێدەنگی لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا دێت و جارێکی تر نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەمنییەتی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا زیندوو کردەوە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لەم هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە کەنداو و دەریای عومان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هاتوچۆی دەریاییان پەکخستووە.