بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سکای نیوز"، ناوشکێنی بریتانیایی ئێچ ئێم ئێس دراگۆن (HMS Dragon) لە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێ کەوتووە. ئەم کەشتییە جەنگییە بڕیارە بەشداری لە ئەرکێکی نێودەوڵەتیدا بکات کە ئامانج لێی دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانە.
گەرووی هۆرمۆز بەهۆی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە مینڕێژکردن و هێرشی درۆنی و مووشەکی، تووشی ناسەقامگیری بووە. ناوشکێنی "دراگۆن" بەوە ناسراوە کە توانایەکی بەرزی لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکاندا هەیە و دەتوانێت چەتری پاراستن بۆ ئەو ڕێڕەوە ئاوی ستراتێژییە دروست بکات.
وەزارەتی بەرگریی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی ئامادەیی خێرا بۆ هەر ئەگەرێک لە داهاتوودایە کە ئامانج لێی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی بێت.
هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە هەر جۆرە پلانێک لەم بوارەدا سروشتێکی تەواو بەرگرییانەی دەبێت و تەنیا بۆ گەڕاندنەوەی دڵنیایی بۆ کەرتی بازرگانیی دەریاییە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە زیانی پێ گەیشتووە.