کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی سێبەری بریتانیا: پێویستە سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە

09:56 - 20 بانەمەڕ 2726

پریتی پەتڵ، نوێنەری پارلەمانی بریتانیا و وەزیری دەرەوەی سێبەر، ڕەخنەی توندی لە "بێدەنگیی شەرمەزارانە"ی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئاکارە توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت.

 ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێت لەندەن بەهۆی "تاوانەکان و هەڕەشە تێرۆریستییە دەوڵەتییەکان بۆ سەر بریتانیا"، سپای پاسداران بخاتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

پەتڵ ئاماژەی بە بەردەوامیی تاوانە دڕندانەکانی ڕێژیمی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە نابێت ئەو کەسانە لەبیر بکرێن کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەکانیان لە دژی سەرکوت، ئەشکەنجە و کوشتن خەبات دەکەن.

 وەزیری دەرەوەی سێبەر داوای لە دەوڵەتی بریتانیا کرد کە لە بەرامبەر تاراندا خاوەن هەڵوێستێکی توندتر و یەکلاکەرەوە بێت.