کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ڕێژیم هەڕەشەی لە وڵاتانی پێبەند بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد

09:59 - 20 بانەمەڕ 2726

وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی لە سەپاندنی گەمارۆکان دژی ئێران پەیڕەویی ئەمریکا دەکەن، بەدڵنیاییەوە لە کاتی تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆزدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

محەممەد ئەکرەمی‌نیا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران سیستمێکی نوێی یاسایی و ئەمنییەتیی لە گەرووی هۆرمۆزدا جێبەجێ دەکات و لەمەودوا هەر کەشتییەک بیهەوێت لەو ڕێڕەوە تێپەڕێت، دەبێت لەگەڵ ئێراندا هاواهەنگی بکات.

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێنەوە کە گەرووی هۆرمۆز لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی قەیرانەکە و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

تاران هەوڵ دەدات ئەم ناوچەیە وەک کارتێکی گوشار دژی ئەو وڵاتانە بەکار بهێنێت کە هاوکاریی واشنگتۆن دەکەن لە توندکردنی گەمارۆ دەریاییەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو ڕەشنووسەی کە دەوترێت بۆ ڕێککەوتنی نێوان واشنگتۆن و تاران ئامادە کراوە، کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سنووردارکردنەکان لە گەرووی هۆرمۆز و سووککردنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی تێگەیشتنی نێوان هەردوو لایەن.

سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، لێدوانە نوێیەکانی بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیم نیشانەی بەردەوامیی گرژییەکان و ناسەقامگیریی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە ناوچەکەیە.