بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "کاننیوز" کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بڵاو کراوەتەوە، گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێستادا لەژێر گوشارێکی توندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە بۆ ئەوەی چەکەکانی دابنێت.
بەڵام ئەم گرووپە بە توندی دژی هەر هەنگاوێکە بۆ چەکککردنی، چونکە ترسی ئەوەی هەیە بەم کارە پشتگیرییە دارایی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدەست بدات و پێگەی لە ناوچەکەدا لەق بێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە حیزبوڵڵا بە نیگەرانییەوە چاودێری گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات. ئەم گرووپە ترسی لێ نیشتووە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەمنییەتی لە داهاتوو لە نێوان تێلاڤیڤ و بەیرووت، ڕێ خۆش بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی لوبنان هەنگاوی کردەیی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە نێوخۆی وڵاتەکەدا بنێت.
ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە کە حیزبوڵڵا مانەوە و هێزی خۆی تەنیا لە بەستراوەیی بە ستراتێژییەکانی تاراندا دەبینێتەوە. بۆیە سەرەڕای وێرانکارییەکانی شەڕ و گوشارەکان، ئەو گرووپە ئامادە نییە دەستبەرداری چەکەکەی بێت، چونکە دەزانێت بێ چەک و بێ پشتگیریی کۆماری ئیسلامی، هیچ پێگەیەکی سیاسی و سەربازیی لە داهاتووی لوبناندا نامێنێت.