کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی "دەنگی ئەمریکا"، باسی لە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی حیزبی دێموکرات و شەڕی ئێران و ئەمریکا کرد.
بەرێز عەزیزی جەختی کردەوە کە تاران بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و شاردنەوەی قەیرانەکان پەلاماری کەمپ و بنکەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات و خەباتی کوردیش بەستراوە بە هیچ هاوکێشەیەکی دەرەکی نییە و بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، دەیەوێت بە زەقکردنەوەی پرسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەریمی کوردستان، وێنەیەکی وەها نیشان بدات کە هەڕەشەی دەرەکی لەسەر "ئەمنییەتی نەتەوەیی" ئێران هەیە، لە کاتێکدا ئەم ئیدعایانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
عەزیزی جەختی کردەوە کە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو مافێکی یاسایی و نێودەوڵەتییان هەیە سکاڵا دژی ئەم پێشێلکارییانەی تاران تۆمار بکەن، چونکە ئەوان بەشێک نین لەم شەڕە.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم گوشارانە لەسەر خەباتی کورد، خالید عەزیزی دووپاتی کردەوە کە خەباتی گەلی کورد بۆ دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی، بابەتێکی سەربەخۆیە و پێش شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
ناوبراو وتی: "خەباتی ئێمە بەشێکە لە خەباتی گشتیی خەڵکی ئێران دژی سەرکوت؛ تا ئەو کاتەی دێموکراسی جێگیر نەبێت و کورد بە مافەکانی نەگات، نە گوشارەکان و نە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن کۆتایی بەم خەباتە بهێنن."
لە کۆتاییدا، وتەبێژی حیزبی دێموکرات هۆکاری کەمڕەنگیی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێستا سەرنجی جیهان لەسەر قەیرانی ئابووری و ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و کێشە گەورەکانی ناوچەکەیە. بەو هۆیەوە، بەداخەوە پرسی هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و مافی پەنابەرانی کورد تا ڕادەیەک لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا پەراوێز خراوە.