کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە و ئێران دەریای خەزەر بۆ گواستنەوەی پارچەکانی دڕۆن بەکار دەهێنن

11:07 - 20 بانەمەڕ 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە خەریکی پەرەپێدانی هێڵێکی ستراتێژیی گواستنەوەی دەریایی لە دەریای خەزەرن کە ئامانج لێی خێراکردنی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنیی بۆ شەڕی ئۆکراین و تێپەڕاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە و بووەتە پردێکی سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی تێکنۆلۆژیی مووشەکی و دڕۆن لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، لە مانگەکانی ڕابردوودا، جووڵەی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە نێوان بەندەری ئەستەرخانی ڕووسیە و بەندەرەکانی ئەنزەلی و ئەمیرئابادی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن کە تاران لەم ڕێگەیەوە جۆرەها دڕۆنی نوێ و پارچەی مووشەکی بۆ مۆسکۆ دەنێرێت، لە بەرامبەردا ڕووسیە لە پەرەپێدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ماهوارەی سیخوڕی یارمەتیی ئێران دەدات؛ ئەمەش ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو لایەنی گەیاندووەتە قۆناغی "هاوپەیمانیی سەربازیی تەواو".

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی دوای تێکچوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز، بەدوای پەرەپێدانی ڕێگەی جێگرەوەدا گەڕاوە و چوار بەندەر لە کەناراوەکانی دەریای خەزەر بە شێوەی شەو و ڕۆژ کەوتوونەتە کار.

نیویۆرک تایمز هەروەها نووسیویەتی کە نزیکەی ٦٠ لەسەدی کۆگای دڕۆنەکانی ئێران لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بەکار هێنراون و بەردەوامیی گواستنەوەی پارچەکان لەلایەن ڕووسیەوە دەتوانێت پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی ئەم توانایە سەربازییە خێرا بکات.