کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری لە پچڕانی سەرتاسەری و بەردەوامی کارەبا لە هاوینی ئەمساڵدا

14:27 - 20 بانەمەڕ 2726

سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزەی ژووری بازرگانیی ئێران، هۆشداری دا کە هاوینی ئەمساڵ ئێران ڕووبەڕووی پچڕانی بەردەوامی کارەبا دەبێتەوە و ئەگەری زۆرە ڕۆژانە دوو کاتژمێر کارەبا لە کەرتەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی و کارگێڕیدا ببڕدرێت.

ئارش نەجەفی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" ڕایگەیاند، بەهۆی دابینکردنی کارەبای ئەو کۆمەڵگە پێترۆشیمیاییانەی لە شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە لە ڕێگەی تۆڕی سەرتاسەرییەوە، نزیکەی هەزار مێگاوات کارەبای بەردەوام بۆ ئەو ناوەندانە تەرخان دەکرێت؛ ئەمەش گوشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر تۆڕی کارەبای وڵات.

نەجەفی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کورتهێنانی کارەبای وڵات لە ٨ بۆ ٩ هەزار مێگاوات لە ساڵانی ڕابردووەوە، بۆ زیاتر لە ٢٣ هەزار مێگاوات زیادی کردووە. سەرەڕای پەرەپێدانی وێستگەکانی وزەی نوێکراو، هێشتا ئەگەری قەرەبووکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییە نییە و کارخانەکانیش هەر لە تروپکی لیستی بڕانی کارەبادا دەبن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنانەت هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دراوسێش کاریگەرییەکی سنوورداری دەبێت و ناتوانێت قەیرانی کەمیی کارەبا چارەسەر بکات.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنیان دابوو بە پەرەپێدانی پانێلە هەتاوییەکان و جێبەجێکردنی پلانی بەڕێوەبردنی بەکاربردن، هاوینی ئەمساڵ بەبێ پچڕانی کارەبا و گاز تێپەڕ دەبێت.