کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی دڕۆنیی دووبارەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیمارات و کوەیت

16:39 - 20 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بەرەوڕووی دوو دڕۆنی هێرشبەر بووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو دڕۆن و مووشەکانەی لە سەرەتای گرژییەکانەوە ئاراستەی ئیمارات کراون، گەیشتووەتە زیاتر لە ٢ هەزار و ٨٠٠ دانە.

هاوکات کوەیتیش تێکشکاندنی چەند دڕۆنێکی لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا پشتڕاست کردەوە کە ئەوە یەکەم هێرش دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک قەتەر کراوەتە ئامانج و بێدەنگیی چوار ڕۆژەی ناوچەکەی شکاندووە.

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، بریتانیا مووشەکی پێشکەوتووی "سکای هەمەر"ی لە ئوردۆن تاقی کردەوە و بڕیارە هەر لەم مانگەدا بۆ پاراستنی هاوپەیمانە عەرەبەکانی ڕەوانەی کەنداو بكات.

سەرەڕای ڕێککەوتنی دوو حەوتوویی بۆ ئاگربەست لە نێوان واشنگتۆن و تاران، بەردەوامیی هێرشەکان نیشانەی ئەوەیە کە دۆخی ئەمنییەتی ناوچەکە تا دێت بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەچێت.

تاران بەم هەنگاوانە گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام دەکات و پرۆسەی ئاگربەستیشی ڕووبەڕووی شکستێکی جیددی کردووەتەوە.