بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەرنامەی "٦٠ خولەک"ی کەناڵی "سیبیئێس نیوز" ڕایگەیاند کە شەڕ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
نێتانیاهوو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە خەستیی بەرز لە ئێران ببرێتە دەرەوە و سەرجەم دامەزراوەکانی پیتاندنیش هەڵوەشێنرێنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل توانیویەتی بەشێکی زۆر لە تواناکانی پیتاندن، هێزە نیابەتییەکان و ژێرخانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی تێک بشکێنێت، بەڵام هێشتا هەندێک لایەنی مەترسیدار ماونەتەوە کە پێویستییان بە هەنگاوی جیددی هەیە.
چاودێرانی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکەن کە تاران هێشتا نزیکەی ٩٧٠ پۆند ئۆرانیۆمی لە ئاستی دروستکردنی بۆمبدا لەبەر دەستدایە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئۆرانیۆمە، نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە باشترین ڕێگە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە بۆ چوونە ناوەوە و دەرکردنی ئەو ماددانە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ کاتێکی دیاریکراو یان وردەکاریی زیاتر لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان بخاتە ڕوو.
ناوبراو تەنیا جەختی کردەوە کە بێبەشکردنی کۆماری ئیسلامی لە چەکی ئەتۆمی، "ئەرکێکی یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە".