کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی سوید سێمینارێکی سیاسی-تەشکیلاتیی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ڕێک خست

09:26 - 21 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سێمینارێکی سیاسی-تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات،  لە شاری وێسترۆس پێک هێنا.
سێمینارەکە بە بەخێرهێنانی بەشداربووان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ''نەبەز عەلیدووست'' و دواتر بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا کاک مستەفا باسێکی گشتیی سەبارەت بە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی ئەو ڕووداوانە لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی: ''ئەوەی دەتوانێ حیزبێک یان هێزێکی سیاسی لەسەر پێ ڕاگرێ نوێبوونەوەی بەردەوام و ڕاکێشانی مێشک و توانا تازەکانە کە هەم خوێندن و هەم ئەزموونی تازەتر و بەڕۆژیان هەیە و لە زۆر بواردا لە ئێمە شارەزایاناتر لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانەوە هەڵسوکەوت دەکات.''

بەڕێز هیجری باسی لەوە کرد کە لە پێوەندی لەگەڵ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەمان پێویستە ئێمە لەگەڵ خەڵک و لایەنی دیکەش بتوانین کار بکەین. چ لە نێوخۆی کوردستان و چ لەگەڵ هێزەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران. بۆ نیزیکبوونەوە لە لایەنەکانی دیکە پێویستمان بە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانە و کاریان لەسەر بکەین. نموونەی هەرە بەرچاو پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەشی دووهەمی باسەکەی کاک مستەفا  تایبەت بوو بە بارودۆخی حیزب بەتایبەت لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسراییل و ئێران.
بەڕێزیان وتی: "ئەگەرچی بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بارودۆخی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە جاران سەختتر بووە، بەڵام هاوکات دەرفەتی زیاتریشی لە بەردەمماندا دروست کردووە.
لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بەشداربووان بە پرسیارەکانیان لە بەڕێز کاک مستەفا باسەکەیان پڕ نێوەرکتر کرد.