هاوکات لەگەڵ داڕمانی زیاتری دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک لە ئێران، نرخی دەرمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و دەرمانخانەکان لە دابینکردنی پێویستیی نەخۆشەکاندا دەستەوستان ماون.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نرخی بەشێک لە دەرمانەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا بازدانێکی ٤٠٠ لەسەدیی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دۆخە نالەبارە نەک هەر بووەتە هۆی گرانی، بەڵکوو کەمیی بەرچاوی دەرمانیشی لێ کەوتووەتەوە.
کاربەدەستانی ئەنجومەنی دەرمانسازان دانیان بەوەدا ناوە کە سڕینەوەی دراوی پاڵپشتیکراو (ئەرزی ترجیحی) و لێکەوتە وێرانکەرەکانی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی کۆماری ئیسلامی، هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە تەندروستییەن.
لە ئێستادا نەخۆشە تایبەتەکان و ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییە سەختەکانی وەک ''شێرپەنجە، ئیم ئێس، دیالیز و نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسە''وە دەناڵێنن، ڕووبەڕووی مەترسیی جددیی گیانی بوونەتەوە. نەبوونی دەرمان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە نێوان ٢٠ تا ٤٠٠ لەسەد، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر بنەماڵەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دەرمانخانەکان بەهۆی قەرزاریی زۆری ڕێکخراوە بیمەییەکان و نەبوونی نەختینە، توانای کڕین و دابینکردنی دەرمانیان نەماوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵک دەڵێن تەنانەت ئەگەر دەرمانیش بدۆزرێتەوە، بەهۆی ئەوەی بیمەکان پارەی دەرمانخانەکان نادەن، ناچارن بە نرخی ئازاد و بە گرانترین شێوە دەرمانەکان بکڕن.
ئەم قەیرانە نیشانەیەکی ڕوونی بێسەروبەرەیی سیستمی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامییە، کە لە جیاتی دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک، سەرمایەکانی وڵات بۆ پەرەپێدانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا خەرج دەکات.