کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئێران بە بریتانیا و فەڕانسە سەبارەت بە جێگیرکردنی کەشتیی جەنگی لە ناوچەکە

10:14 - 21 بانەمەڕ 2726

کازم غەریب‌ئابادی، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە سەبارەت بە هەر چەشنە جووڵەیەکی سەربازی و جێگیرکردنی کەشتیی جەنگی لە گەرووی هۆرمۆزدا، هەڕەشەیەکی توندی لە بریتانیا و فەڕانسە کرد.

غەریب‌ئابادی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران وڵامێکی توند و دەستبەجێ دەدەنە هەر دەستێوەردانێکی وڵاتانی ڕۆژاوا یان هاوکارییەکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا کە بە وتەی ئەو پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەم بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییە ناوچەییەکانی بە بیانووی پاراستنی کەشتیوانی، وەک هەوڵێک بۆ قووڵکردنەوەی قەیرانەکان ناو برد.

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری فەڕانسەیی "شارل دوگۆل" لە دەریای سووردا لە دۆخی ئامادەباشیدایە و بریتانیاش ڕەوانەکردنی کەشتیی جەنگیی "HMS Dragon"ی بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز بۆ ناوچەکە پشتڕاست کردووەتەوە.