کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئێران زۆرە بەڵام مسۆگەر نییە

11:06 - 21 بانەمەڕ 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتوویژێک لەگەڵ بەرنامەی ''٦٠ خولەک''ی کاناڵی ''سی‌بی‌ئێس'' ڕایگەیاند کە ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران ئەگەرێکی ڕێ تێچووە، بەڵام مسۆگەر نییە و لێکەوتەکانی دەتوانێت پێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.

نێتانیاهو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەگەری لاوازبوون یان ڕووخانی ئەم ڕێژیمە، تانوپۆی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەوانە حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان هەڵدەوەشێنەوە؛ چونکە بە وتەی ئەو، ئەو چوارچێوەیە و تۆڕە نیابەتییەی کە ئێران دروستی کردووە، لەنێو دەچێت.''

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری هەرەسهێنانی ڕێژیم، جەختی کردەوە کە ئەنجامەکە پێشبینی ناکرێت و وتی: ''پێم وانییە بتوانرێت پێشبینی بکرێت کەی ئەم ڕووداوە ڕوو دەدات. ئایا گونجاوە؟ بەڵێ. ئایا گەرەنتی کراوە؟ نەخێر.''

هەروەها نێتانیاهوو باسی لەوە کرد کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا، ئەگەری پەرەپێدانی پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زیاد دەکات و ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نوێ لە ناوچەکەدا؛ ئاستی ئەو هاوکارییانەش دەتوانێت زۆر زیاتر لەوە بێت کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا.