کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی بریتانیا بۆ سەر ١٢ کەس و دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی

16:27 - 21 بانەمەڕ 2726

دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی بانەمەڕ سزای نوێی بەسەر ١٢ کەس  و دامەزراوە کە پەیوەندییان بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە، سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم کەسانە تۆمەتبار کراون بە "بەشداری لە کردەوەی دوژمنکارانە" لە دژی بریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە.
لە بەیاننامە فەرمییەکەی دەوڵەتی بریتانیادا هاتووە کە ئەم کردەوە دوژمنکارانەیە پێکدێت لە "داڕشتنی پیلانی هێرش و خزمەتگوزاریی دارایی بەو گرووپانەی کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی بریتانیا و وڵاتانی دیکە دەدەن".
ئەم سزایانە بریتین لە: بلۆککردنی سەرجەم دارایی و حیسابە بانکییەکانی ئەو کەسانە و هەروەها قەدەغەکردنی سەفەرکردنیان بۆ نێو خاکی بریتانیا.
لە مانگەکانی ڕابردوودا گومانەکان لەسەر پشتیوانیی تاران بۆ هێرشە دژە جوولەکان لە بریتانیا زیادیان کردووە.
هاوکات گرووپێکی ئیسلامی بە ناوی "حرکة أصحاب الیمین الإسلامیة" کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لێ دەکرێت، بەرپرسیارییەتی ئەم هێرشانە و چەندین کردەوەی هاوشێوەی لە وڵاتانی ئورووپادا وەئەستۆ گرتووە.
ئەم هەنگاوەی لەندەن نیشانەی توندتربوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکانە بۆ سەر تاران بەهۆی چالاکییە تێکدەرانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی.