وەزارەتی خزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەی هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران، ٣ کەس و ٩ شیرکەتی خستە لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم لایەنانە کە بنکەکانیان لە وڵاتانی هۆنگ کۆنگ، ئیمارات و عومانە، تۆمەتبارن بەوەی بۆ گواستنەوەی نایاسایی نەوتی ئێران بۆ چین و دەورلێدانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان هاوکاریی سپای پاسدارانیان کردووە.
سکات بێسێنت، وەزیری خزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ترامپ لە بەکارهێنانی سزاکان بۆ بێبەشکردنی ڕێژیمی ئێران لەو سەرچاوە داراییانەی کە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی و پشتیوانیکردنی گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت، بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سپای پاسداران لە ڕێگەی "ستادی نەوتیی پوورجەعفەری" و چەندین شیرکەتی ڕواڵەتی هەوڵی شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتەکەی داوە.
ئەم بڕیارەی واشنگتۆن تەنیا چەند ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپ و سەرۆککۆماری چین ڕاگەیەندرا. پێشبینی دەکرێت لەو دیدارەدا پرسی بنبەستی سیاسیی نێوان تاران و واشنگتۆن، هەروەها کێشەکانی پەیوەست بە ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و گوشارخستنە سەر چین بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوت لە ئێران، تەوەرە سەرەکییەکان بن.