هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترامپ بڵاوی کردەوە، کە سەرۆککۆماری ئەمریکا بەهۆی چەقبەستوویی لە پرۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران، بە شێوەیەکی جیددی بیر لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.
ترامپ پێشنیارە نوێیەکەی ئێرانی بە "قەبووڵنەکراو" وەسف کردووە و بەردەوامیی گرژییەکان لە گەرووی هۆرمۆزی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ توندترکردنی هەڵوێستی واشنگتۆن ناو بردووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند کە ئێستا دۆخی ئاگربەست گەیشتووەتە "قۆناغی نائاسایی" و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە نادرێت کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیان وایە تاران لە هەڵسەنگاندنەکانیدا تووشی هەڵە بووە و وا دەزانێت بەرگەی گوشارە ئابوورییەکان دەگرێت، لە کاتێکدا واشنگتۆن خشتەیەکی کاتیی جیاوازی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆخە هەیە.
لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکادا، لە ئێستادا جۆرێک لە جیاوازیی بیروڕا لە نێوان ڕاوێژکارانی ترامپدا دروست بووە.
باڵێکی "شەڕخواز" داوای گوشاری زیاتر بۆ سەر نێوەندگیرانی وەک وڵاتی پاکستان دەکەن تا پەیامی جیددی و هەڕەشەکان بگەیەنێتە تاران، لە بەرامبەریشدا گرووپێکی دیکە هێشتا جەخت لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی دەکەنەوە. پێشبینی دەکرێت بڕیاری کۆتایی لەسەر هەر هەنگاوێکی سەربازی، بۆ دوای سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ترامپ بۆ چین دوا بخرێت.