دەوڵەتی ئوسترالیا لە کاردانەوە بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، گەڕێکی نوێی سزای بەسەر وەزیری نێوخۆ، چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاند.
ئەم سزایانە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێن کە تاران تۆمەتبارە بە کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران، ئەشکەنجەدان و بڕینی هێڵی ئینتێرنێت بە مەبەستی شاردنەوەی تاوانەکان لە چاوی جیهان.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا، لیستە نوێیەکە چەندین کەسایەتیی باڵای ڕێژیم لەوانە، ئەسکەندەر مۆئمێنی (وەزیری نێوخۆ)، مەجید فەیزجەعفەری (سەرۆکی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتی)، ڕوحوڵڵا مۆئمێننەسەب (بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووفی تاران) و موحسین ئیبراهیمی (فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی نۆپۆ) لەخۆ دەگرێت.
ئەم بەرپرسانە بە ڕێکخستنی ٨٠ هەزار هێز بۆ سەرکوتی ژنان، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و دروستکردنی بانکێکی زانیاریی ماڵ بە ماڵ بۆ ناسینەوە و سزادانی نەیارانی ڕێژیم، تۆمەتبارن.
جگە لە کەسایەتییەکان، ئوسترالیا هێزی ئینتزامی، ڕێکخراوی فەزای مەجازیی "سێراج" و چەندین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی وەک "بێرێلیان" و "جیسیئێم"ی سزا داوە.
ئەم سزایانە بەتایبەت سیستەمی بانکیی سێبەری کۆماری ئیسلامی دەکەنە ئامانج، کە تاران لەو ڕێگەیەوە دارایی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس دابین دەکات و بەرنامە مووشەکییەکانی پەرە پێ دەدات.