بەپێی ڕاپۆرتی میدیای "ئێرەمنیوز"ی ئێمارات، واشنگتۆن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت (G7) بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانێکی هاوبەش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی تۆڕە دارایی و لۆجستیکییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەوڵی چڕدایە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕاوێژکارییانە کە لە پاریس ئەنجام دراون، ناسینەوە و بەدواداچوونی ئەو ناوەند و کۆمپانیا نێوەندگیرانەیە کە تێچووی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ حووسییەکانی یەمەن و چالاکییە داراییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دابین دەکەن.
ئەم پلانە هەوڵ دەدات بازنەی گەمارۆکان لەسەر کەسایەتی و کۆمپانیاکان فراوانتر بکات و سەرجەم پەیوەندییە بازرگانی و بانکییەکانی ئەم تۆڕە تێرۆریستییە تێک بدات.
هاوکات، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرانسەیی ئاماژەی بەوە کردووە کە پاریس بە هاواهەنگی لەگەڵ ئاڵمان، ئیتالیا و بریتانیا، هەوڵ دەدات خاوەنی ڕاستەقینەی کۆمپانیا نێوەندگیرەکان، هەژمارە بانکییە پەیوەندیدارەکان و ڕێڕەوی گواستنەوەی کەرەستە دووکاربەرییەکان دەستنیشان بکات، تاکوو جیاوازیی یاسایی نێوان ئەمریکا و ئورووپا نەبێتە هۆی بەردەوامبوونی چالاکییەکانی سپای پاسداران.
لەم چوارچێوەیەدا، لێکۆڵینەوە لەسەر پیلانی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد"ی بریتانیاش کە پێشتر لەلایەن دەزگا دادوەرییەکانی ئەمریکاوە پەردەی لەسەر لادرابوو، گرنگیی زیاتری پێ دراوە.