کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی مافخوازان

11:26 - 22 خەزەڵوەر 2726

لە بەرەبەرەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی گیانلەدەستداوان چڕتر کردووەتەوە تاکوو ناچاریان بکەن گێڕانەوە فەرمییەکانی ڕێژیم قەبووڵ بکەن.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە بانگکردن و هەڕەشەکردن لە بنەماڵە مافخوازەکان، داوایان لێ کردوون کە ڕۆڵەکانیان وەک "شەهید"ی حکوومەتی بناسێنن و خۆیان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕ، بەدوور بگرن.

کوشتنی دڕندانە و نادادپەروەرانەی ڕۆڵەکان و هەڕەشەی بەردەوام، بنەماڵەکانی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە؛ بۆ نموونە، بەشێک لەم بنەماڵانە هۆشدارییان پێ دراوە کە لە ئەگەری بەکارهێنانی دەستەواژەی دیکە لەجیاتی "شەهید"، ناویان دەخرێتە لیستی "تێرۆریستەکان"وە، لە کاتێکدا لە بەرانبەر ملدان بە داواکارییەکانی ڕێژیمدا، بەڵێنی هەندێک ئێمتیازیان پێ دراوە.

ئەم گوشارانە تەنانەت لە حاڵەتێکدایە کە ژمارەیەک لەو بنەماڵانە بەهۆی گوشاری دەروونیی قورسەوە تووشی نەخۆشیی دڵ، جەڵتە و کێشەی تەندروستی بوون و چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر یان بانگ کراون.

سەپاندنی مەرج و وەرگرتنی بەڵێننامەی زۆرەملێ بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان، سیاسەتێکی لەمێژینەی ڕێژیمی ئێرانە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی، کە لەم دوایییانەشدا بەرانبەر بە بنەماڵەی شەهیدان دووپات کراوەتەوە.

سەرەڕای ئەم هەڕەشە توندانە، بنەماڵە مافخوازەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە لە مافخوازی و زیندووڕاگرتنی یادی ئازیزانیان پاشەکشە ناکەن.