کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتی بەلووچ درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و تەرمەکانیان سووتان

09:10 - 22 بانەمەڕ 2726

نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی ئێرانشار لە ناوچەی "سەرکەھوران"، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، ماشینێکی پژۆ ٤٠٥ی هاووڵاتییانی بەلووچیان دایە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گولـلە و لە ئەنجامدا، هەر چوار سەرنشینی ماشینەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی "حاڵ وەش"، هەموو قوربانییەکان خاوەن بنەماڵە و خەڵکی گوندی "ئاچەکی" بوون و شوناسی ئەم چوار هاووڵاتییە عەبدولحەلیم حەمەلی ٥٠ ساڵە، ناسر حەمەلی ٤٣ ساڵە، ماجد حەمەلی ٤١ ساڵە و مەنسوور جەماڵی ٣٠ ساڵە ڕاگەیەندراوە.

حاڵ وەش لەزاری شایەتحاڵانەوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دوای وەستانی ماشینەکە، جارێکی دیکەش تەقەیان لە سەرنشینەکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە کوشتنیان.

بەهۆی دەستڕێژی گولـلەکانەوە، ماشینەکە ئاگری گرتووە و تەرمی هەر چوار هاووڵاتییەکە لە نێو ئاگردا سووتاون؛ بەجۆرێک کە تەرمی دوو لە قوربانییەکان بەتەواوی شێواون.

ئەم ڕووداوە وەک نموونەیەکی دیکە لە "کوشتنی سەرووی یاسا" و "سێدارەی مەیدانی" لە بەلووچستان وەسف دەکرێت کە تێیدا هاووڵاتییان بەبێ هیچ پرۆسەیەکی دادوەری و تەنیا بە گومانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن.