میدیاکانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە ۱۴ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران لە پارێزگای زەنجان لە کاتی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییە نەتەقاوەکانی پاشماوەی بۆردومانەکانی شەڕی ئەم دواییە، کوژراون.
سپای زنجان ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ۱۴ کەس لە هێزەکانی گوردانەتەخریبییەکانی سپای ئەنسارولمەهدی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم تەقەمەنییانە کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
کات و شوێنی وردی ئەم ڕووداوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام سپای زەنجان ئیدیعای کردووە کە هێزەکانی لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بۆمبی هێشووییان دۆزیوەتەوە و خەریکی پووچەڵکردنەوەیان بوون.
پێشتر هەندێک لە میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران ئیدیعای ئەوەیان کردبوو کە دوای پووچەڵکردنەوەی ئەو مووشەک و بۆمبە نەتەقاوانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕدا بەکاریان هێناون، ئەو تەقەمەنییانە بۆ مەبەستی ''ئەندازیاریی پێچەوانە" ڕادەستی ناوەندە سەربازییەکان کراون.