کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشار و سەرکوتەکانی بۆ سەر پەیڕەوانی ئایینی بەهایی، وەک گەورەترین کەمینەی ئایینیی نائیسلامی لە ئێراندا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردن، هەڵکوتانە سەر ماڵان و زەوتکردنی دارایی هاووڵاتییانی بەهایی لە چەندین شاری جیاوازی ئێران دەستی پێکردووە.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کاتی پشکنینی ماڵەکاندا، دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسی، ئامێرە ئێلێکترۆنیکییەکان، بەڵگەنامە و تەنانەت زێڕی هاووڵاتییانیشدا گرتووە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە دەسبەسەرکراوەکان لە دۆخێکی نادیاری یاساییدا ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت.
ئەم شەپۆلە نوێیەی سەرکوتکردن لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، هاووڵاتییانی بەهایی بە تۆمەتی وەک "تێکدانی ئەمنییەت" و "بەشداری لە ئاژاوەگێڕی" تۆمەتبار دەکات.
کۆماری ئیسلامی لە دوای ساڵی ١٩٧٩وە لە ئازار و ئەشکەنجەی بەهاییەکان بەردەوامە و بە فەرمی دانیان پێدا نانێت؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەم ئایینە لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەر لە ئێران دامەزراوە و جەخت لەسەر یەکیەتیی مرۆڤایەتی دەکاتەوە.