ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لەسەر داوای سەنتەری ئۆڵۆف پاڵمێ لە شاری ستۆکهۆڵم، بەڕێز کاک "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوڕێیەتی چەند کەس لە ئەندامانی کومیتەی گشتیی سوید و بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کومیتەی سوید سەردانی ئەو ناوەندەی کرد و لەلایان بەرپرسانی ئەو ناوەندەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
ئەو چاوپێکەوتنە لە باڵەخانەی ئەو ناوەندە کە بە ماڵی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید بەنێوبانگە پێکهات.
لەو دیدارەدا "ئۆسکار ئێرنڕووت" بەرپرسی ئەو ناوەندە و خاتوو "سانا ئێلیاسۆن" نوێنەری نێونەتەوەیی ئەو ناوەندە و ژماریەک لە لاوان و چالاکانی سۆسیال دێموکرات بەشدار بوون.
ئۆسکار ئێرنڕووت وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب وتی: ئێمە لە نیزیکەوە چاوەدێری ڕووداوەکانی ئێران دەکەین. حیزبی ئێوە و سۆسیال دێموکراتەکان دەستەخوشکی یەکترن.
کاک مستەفا وێڕای سپاس بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە وتی: کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەدا لە هەموو بارێکەوە زەبری زۆر قورسی وێکەوتووە. زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی هەر لە ڕێبەری باڵاوە تا زۆر فەرماندەی دیکەی نیزامی و ئیتلاعاتی خۆی لەدەست داوە.
باری گرانیی سەرسووڕهێنەری دەرمان و پێداویستیەکانی دیکەی ژیان بە هۆی شەڕەوە بڕستیان لە خەڵک بڕیوە. بڕانی ئینترنێت بووەتە هۆی پچڕانی پێوەندیی خەڵک لە نێوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. تەنیا ئەوانە دەستیان بە ئینتێرنێت ڕادەگات کە سەر بە ڕێژیمن. زەبروزەنگی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی سیاسیی بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسراییل و زۆر بیانووی بێبنەمای دیکە دوای شەڕ پەرەی ئەستاندووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات درێژە پێداوە کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی زۆر ژن و منداڵ و تێکۆشەرانی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات. خەڵکی ئێران بەگشتی هێرشەکانی سەر ڕێژیمیان پێخۆشە.
کاک مستەفا پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی وەک هەنگاوێکی بەجێ لەپێناو یەکگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی باس کرد و ئامانجەکانی ئەو هاوپەیمانییەی وەک پێکهێنانی ڕێژیمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا کە خەڵک بۆ خۆیان چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن و لەوێدا هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان بە مافەکانی خۆیان بگەن، باس کرد. ئێرانێکی نەرم و نیان و دۆست لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچە و جیهان نەک ڕێژیمێک کە پشتیوانی لە تێرۆریزم بکات. لە ڕوانگەی ئێمەوە فیدڕاڵی گونجاوترین بژاردەیە.
کاک مستەفا لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە شێوەی هاوکاریی ئەو ناوەندە بۆ دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵات وتی: لە سەرەتادا وڵاتانی ڕۆژاوایی بە نەرمی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە کرد، بەڵام مێژوو دەریخست کە کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایەت. چونکە ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایەت. ئێمە پێمانوایە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی پێویستە بیر لە گۆڕینی ڕێژیم بکەنەوە.
سەبارەت بە جیاوازی لە بۆچوونی وڵاتانی ئورووپایی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمەڕ شەڕ بە دژی ئێران بەڕێز سکرتێری گشتی وتی: ئێران بە قازانجی خۆی کەڵکی لە ناتەباییەکانی نێوان ئەمریکا و ئورووپا وەرگرتووە. پێمانوایە کە ناوەندی ئۆڵۆف پاڵمێ دەتوانێ کار لەسەر سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی سوید بکات. دەتوانن هاوکاری ئەو ژن و منداڵانە بن کە بە هۆی مووشەک و درۆنبارانەوە ئاوارە بوون و زۆر لە بارودۆخێکی ناخۆشدا دەژین. هاوکارییەکی دیکە ئەوەیە کە بتوانن بەشێک لەو بنەماڵانە وەک پەنابەر وەربگرن و لە باری سیاسییەوە دەکرێ سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستتان هەبێت."
لە بەشێک لەم چاوپێکەوتنەدا کاک مستەفا سەبارەت بە لایەنگرانی ڕێژیم و ئەوەی کە ئایا شەڕ بووەتە هۆکاری دوورکەوتنەوەیان لە ڕێژیم وتی: ڕێژیم هەموو ئیمکاناتێکی بۆ ئەوان تەرخان کردووە و هەر بۆیەش تا ئێستا بەو قەناعەتە نەگەیشتوون کە لە ڕێژیم دوور بکەونەوە. بۆ ئەوەی ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان بە چۆکدا بێن پێویستە خەڵک بە شێوەیەکی بەربڵاو بێنە سەر شەقام، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توندوتیژییانەی ڕێژیم کە لە بەرانبەر خۆپێشاندەراندا نواندوویەتی هەموو ڕێگەیەکی لەبەردەم خەڵکدا بەستووە، هەر بۆیە هێرشی دەرەکی پێویستە. هەر وەک چۆن ڕێژیمی سەدام حوسێنیان ڕووخاند."
کاک مستەفا لە پێوەندی لەگەڵ بوون بە ئاڵترناتیڤ بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی وتی: ئێمە لە چوارچێوەیەکی جوغرافیایی دیاریکراو لە ئێراندا چالاکین و سێهەم نەتەوەی گەورەی نێو ئێرانین و ناتوانین بە تەنیا ڕێژیم بڕووخێنین. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵمان هەیە و لە ئێستاشدا لەگەڵ هێز و کەسایەتییەکانی دیکەی ئێران سەرقاڵی پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی لەو جۆرەین.
سانا ئێلیاسۆن لە کۆتاییدا وتی: ئێمە ڕێز لە خەباتی ئێوە دەگرین و باش لەوە ئاگادارین کە ئێوە یەکێک لە هێزە هەرە چالاک و شوێندارەکانی کوردستان و ئێرانن.