کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دانمارک بەڕێوە چوو

11:42 - 22 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، بە مەبەستی مەحکوومکردنی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی گەلی کورد، خۆپێشاندانێکی بەربڵاو لەلایەن کۆمەڵێک لاوی نیشتمانپەروەرەوە لە شاری کۆپێنهاگی پایتەختی دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر، چرۆ پاریاد وتارێکی بە زمانی دانمارکی پێشکەش کرد تاکوو خەڵکی دانمارک بتوانن لە ئازار، خەم و خەباتی گەلی کورد تێبگەن. ئەو وتارە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو، چونکە پردێک بوو لەنێوان گەلی کورد و کۆمەڵگای دانمارکیدا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەویەدا، خالید پاریاد هۆنراوەیەکی پڕ لە هەستی پێشکەش بە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرد. لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا، بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم بە زمانەکانی کوردی و دانمارکی، کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بەتوندی مەحکووم کرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چیتر لە ئاست تاوانەکانی تاراندا بێدەنگ نەبن.