نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارایییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی جیاواز ڕایگەیاند، سێ نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی و شیرکەتەکانی سەر بەوان، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم وەزارەتخانەیە بۆ پەکخستنی ڕێڕەوە دارایییەکانی ڕێژیمی ئێران، خرانە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم نووسینگەیە دەڵێت نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی ساڵانە ئاسانکاری بۆ میلیاردها دۆلار مامەڵەی دراو دەکەن و لەبەر ئەوەی ئێران زۆربەی فرۆشی نەوتەکەی بە "یوانی چینی" ئەنجام دەدات، ئەم نووسینگانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گۆڕینی داهاتە نەوتییەکان بۆ ئەو دراوانەی کە بۆ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی بەکارهێنانیان ئاسانترە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ئێرانی بە "سەری ماری تێرۆری جیهانی" ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم وەزارەتخانەیە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی دۆناڵد ترامپدا، "بۆ بڕینی ڕێڕەوە دارایییەکانی هێزەکانی ئێران بە توندی کار دەکات ".
لە لیستی نوێی سزاکاندا، ناوی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، کۆمپانیاکانی سەر بەوان و ئەو کەسانەی لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنیاندا ڕۆڵیان هەیە، دەبینرێت.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا حەوتووی ڕابردووش بڕی ۳۴۴ میلیۆن دۆلار لە دراوە دیجیتاڵییەکانی بە گومانی پەیوەندییان بە ئێرانەوە بلۆک کردبوو.
هەروەها ئەمریکا لە ڕۆژی ۸ی بانەمەڕدا، ۳۵ دامەزراوە و کەسایەتیی بەهۆی ڕۆڵیان لە "پێکهاتەی بانکیی سێبەر"ی ئێراندا سزا دا.