کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسندکردنی فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە

09:02 - 12 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر گرێبەستێکی گەورەی سەربازی بە بەهای زیاتر لە ٨.٦ میلیارد دۆلار بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەزامەندیی نیشان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی بارودۆخی نائاسایی و هەستیاری ناوچەکە، فرۆشتنی دەستبەجێی ئەم چەکانە بە هاوپەیمانانی واشنگتۆن لەوانە ئیسرائیل، قەتەر، کوەیت و ئیمارات زۆر پێویست و گرنگە.

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای بەرگریی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و نیابەتییەکانی لە ناوچە نراوە.

ئەم گرێبەستە چەندین کەرەستەی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت کە گرنگترینیان نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" بۆ قەتەر بە بەهای ٤ میلیارد دۆلار، دابینکردنی سیستەمی یەکگرتووی فەرماندەیی بۆ کوەیت بە بەهای ٢.٥ میلیار دۆلار و فرۆشتنی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بە بەهای ٩٩٢.٤ میلیۆن دۆلارە بە ئیسرائیل.

هەروەها بڕیارە ئیسرائیل و ئیمارات سیستەمی چەکی زیرەک و ئاراستەکراوی پێشکەوتوو وەربگرن. کۆمپانیای "بی ئەی ئی سیستمز" وەک بەڵێندەری سەرەکیی ئەم پڕۆژانە دیاری کراوە کە ئامانج لێی، پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.